وَاِذَا
الْمَوْءٗدَةُ
سُىِٕلَتْ
۟
[ وَإِذَا الْمَوْءُودَةُ سُئِلَتْ (٨) بِأَيِّ ذَنْبٍ قُتِلَتْ (٩) ] هه‌ندێك له هۆزه‌كانی عه‌ره‌ب له پێش ئیسلامدا كچیان زینده‌به‌چاڵ ئه‌كرد له ترسی برسێتی، یاخود له‌به‌ر شه‌رمه‌زاری كه ئه‌گه‌ر گه‌وره بوایه‌و به شوویان بدایه له‌لای ئه‌وان شه‌رمه‌زاری و عه‌یب و عار بووه بۆیه هه‌ر له منداڵییه‌وه زینده‌به‌چاڵیان ئه‌كرد، خوای گه‌وره ئه‌فه‌رمووێ: وه كاتێك منداڵی زینده‌به‌چاڵكراو پرسیاری لێ ئه‌كرێت ئه‌وه تۆ به چ تاوانێك كوژرای؟ ئه‌م پرسیار كردنه‌ش هه‌ڕه‌شه‌و سه‌رزه‌نشت كردن و سزادانی ئه‌و كه‌سه‌یه كه زینده‌به‌چاڵی كردووه‌و كوشتوویه‌تی، یاخود (وَإِذَا الْمَوْءُودَةُ سُئِلَتْ) واته: ئه‌و منداڵه زینده‌به‌چاڵكراوه خۆی پرسیار ئه‌كات ئه‌ی په‌روه‌ردگار له پێناو چیداو من چ تاوانێكم كردبوو تا زینده‌به‌چاڵ بكرێم، چۆن كه‌سێك كه بكوژرێ یه‌خه‌ی بكوژه‌كه ئه‌گرێ و ئه‌یباته خزمه‌ت خوای گه‌وره و ئه‌ڵێ: ئه‌ی په‌روه‌ردگار ئه‌مه منی كوشتووه لێی بپرسه بزانه له پێناو چیدا منی كوشتووه، منداڵه زینده‌به‌چاڵ كراوه‌كه پرسیار ئه‌كات و ئه‌ڵێ: ئه‌ی په‌روه‌ردگار ئه‌مه بۆچی منی كوشت چ تاوانێكم كردبوو، یاخود داوای خوێنه‌كه‌ی ئه‌كات كه بۆچی ئه‌مه منی كوشتووه‌و زینده‌به‌چاڵى كردووم، (ابن عباس) ئه‌م ئایه‌ته ده‌كاته به‌ڵگه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى منداڵى كافران له‌به‌هه‌شتدان و ده‌فه‌رمێت: (هه‌ر كه‌سێك بڵێت له دۆزه‌خدان ئه‌وا درۆى كردووه).